سەعاتەکانی وەڕسبوون -۵ | شێرکۆ بێکەس

‍ ‍ ‍ #سەعاتەکانی_وەڕسبوون
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بەشی "۵"
لە ماڵەوەم
ئەمەوێ ئەمشەو "تەنیایی"
پاڵ پێوەنێم ... تاکوو بچێتە دەرەوە،
منیش بۆ خۆم ئازادانە
لەو ڕەقیبە مل باریک و
چاو زۆر زەقە ... دوورکەومەوە.
زۆر ئاسانە،
تەلەفزیۆن ئەکەمەوە و
هەڵپەڕکێ و دەهۆڵ و زوڕنا ئەدۆزمەوە،
ئەمەیش گەڕانێکی کەمی ئەوێ و
وەختێ ئەزانی هەر زوڕنا و
هەر دەهۆڵە و ، هەموو هاتوونە ماڵەوە،
تەنیایی گوێچکەی کەڕ ئەبێ و
مەجبوورە ڕاکاتە دەرێ.
هەر وایشم کرد
تەلەفزیۆنم کردوە،
کیژی بێژەر، دەم و چاو خڕ
وەک گۆی زەوی،
قژێکی کورت، هەر بەقەدەر کورتە هەواڵ،
قسەی خێرا... وەک ڕۆیشتنی
دێڕەکانی بنی شاشە.
بلووزێکی پرتەقاڵی ... سەر پرتەقاڵ،
" نەمزانی بۆ دەستێکم برد بۆ
پرتەقاڵی سەر مێز و بۆنێکم کرد"
دەنگێکی خۆش
ئەتوت گوێچکەم بووە به لووت،
بۆنی وەنەوشەی دەنگیم کرد.
ژنی بێژەر گەیشتبووە سەر شەقامی
دوا دێڕی ناو هەواڵەکان،
پرتەقاڵی بێژەر وتی:
ئەم ئێوارەیە "زەمین لەرزەیەک"
بە پلەی شەش لەسەر پێوانەکەی ڕێختەر،
دای لە بەشی سەرووی "یابان"،
تووڕە بووم و هاوارم کرد:
زەمین لەرزەی چی ژنەکە؟
زەمین لەرزەی چی پرتەقاڵ؟
بوومەلەرزە... بوومەلەرزە
ئەم زمانەیش هەموو جارێ
بەر بوومەلەرزە ئەکەوێ و
بە پێوانەی... تۆفیق وەهبی و
بە پێوانەی هێمن ... هەژار...
شەوێک نییە
لە دوو سێ لاوە ... نەڕووخێ.
هاوارم کرد ...ئەی پرتەقاڵ،
مەڵێ "یابان"...بڵێ "ژاپۆن"... ژاپۆن
وەکو وڵات
ئەم زمانەیش چی بەسەر هات؟!
لەداخاندا ... تەلەفزیۆن ئەکوژێنمەوە،
دیسان تەنیایی دێتەوە و بەرامبەرم دائەنیشێ.
شێرکۆ بێکەس
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
لە کتێبی "
#خێراکە_مردن_خەریکە_بگات "
بە دەنگی پڕ سۆزی ئیمپراتۆری شیعری جیهان
"شێرکۆ بێکەس"
#تەنیایی
#ژاپۆن
.

Пікірлер

    Келесі