بەدواداچوون بۆ سپیکردنەوەی پارە لە کوردستان

Ойын-сауық

لە سلێمانی جگە لە دۆسیەی بەهەدەردانی زەوی و زار، ساخکردنەوەی چەکی بانکی و سپیکردنەوەی پارە دۆسیەیەکە کە باس و خواسی زۆری لەسەر دەکرێت، بەشێوەیەک کە بە رێستۆرانت، ئارایشتگە و پڕۆژەی وەبەرهێنان پارە سپی دەکرێتەوە و ژمارەک کەسیشیان لەسەر دەستگیرکراون.
محەممەد عەتا، جێگری لقی سلێمانیی یەکێتیی بەڵێندەرانی سلێمانی دەڵێت، "ئێستا وای لێهاتووە، بەڵێندەر کە دەچێتە بانک، نایەڵن بچێتە ژوورەوە و دەڵێن: با نەیەت ئیشی چییە. سەیر لەوەدایە، پارەمان لای حکومەتە و دەڵێین پارەمان بدەنەوە، بەڵام پێمان دەڵێن پارە نییە. بەڵام کە خۆیان زەریبە و پارەیان لای ئێمەیە، دەڵێن: بیدەن؛ ئێمەیش دەڵێین باشە، ئەوە لە چەکی بانکییەکەمانی ببڕن؛ کەچی پێمان دەڵێن نایخوات."
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەڵێت، "ئەمانەی کراوە گواستنەوەی پارە بووە لە ئەژمارێکەوە بۆ ئەژمارێکی دیکە، ئەمە ئاسایی و یاساییە، بەڵام نایاساییەکەی لەوەدایە کە چەکەکە بە نرخێکی کەمتر لە خۆی کڕدراوەتەوە، ئەوە بەپێی زانستی بانکی کفرە چەک بدەیت بە کەسێک و هیچ رەسیدێکی نەبێت و دواتر کەسێک بە کاش وەریبگرێتەوە."
بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی ئەو جێگەیە کە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی چەکی بانکی لێکراوە، هەر کەس لەو بازاڕە دەدوێنیت ئاگاداری ئەوەیە کە لە ماوەیەکی کەمدا چۆن ئەو کەسانەی مامەڵەکەیان کردووە دەستگیر کراون.
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی باسی وردەکاریی کێشەکەی بۆ رووداو کرد و دەڵێت، ئەمانە سپیکردنەوەی پارە نەبوون، "ئەم چەکە بانکییانە لە ساڵانی 2014 بۆ 2018 بە ئاشکرا مامەڵە و کڕین و فرۆشتنی پێوە کراوە، کە کۆمەڵێک کەسی ئیستیغلالچی، مەبەستم دەسەڵاتدارانە، ئەمەیان بە هەل زانیوە و چەکە بانکییەکانیان کڕیوە و خۆیان بە کاش وەریانگرتووەتەوە. ئەوەی لە بازاڕی دۆلارەکە کراوە هەمووی گواستنەوە بووە لە ئەژمارێکەوە بۆ ئەژمارێکی دیکە، گەرنا بازرگانێکی بچووک ناتوانێت پارە بە کاش وەرگرێتەوە، مامەڵەکەیش بەو شێوەیە بووە کەسی یەکەم بە نرخێک کڕیویەتی و کەسی دووەم بە چەند سەد دۆلارێک خێر فرۆشتوویەتیەوە."
محەممەد عەتا، جێگری سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەران - لقی سلێمانی دەڵێت، "بەڵێندەر ئاگای لێ نییە کە کێ گیراوە، چونکە ئەوەی کراوە شتێکی یاسایی حکومەت خۆیەتی، ئێمە پەیوەندیمان پێوەی نییە، چونکە زەرەری خۆمان کردووە و ئێمە مایەپووچ بووین."
بەپێی ئامارەکانی یەکێتیی وەبەرهێنان لە هەولێر و سلێمانی یەک ترلیۆن دینار چەکی بانکی ساخکراوەتەوە، بەپێی زانیارییەکانی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، تەنیا لە سلێمانی لە ماوەیەکی کەمدا بایی 470 ملیار دینار چەکی بانکی فرۆشراوە و خەرجکراوەتەوە، ئەوەیش بە یەکێک لە هۆکارەکانی نەمانی پارە و کێشەی دارایی لە سنووری پارێزگاکە هەژمار دەکرێت.
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین، تەنیا لە سلێمانی 470 ملیار دینار چەکی بانکی فرۆشراوە و خەرجکراوەتەوە، ئەوەیش لەسەر داهات و حسابی سلێمانی بووە، بابەتەکە یاساییە، بەڵام بە گەندەڵی و نادادی؛ بۆ نموونە بەڵێندەرێک قوتابخانەیەکی دروستکردووە، چەکێکی بانکییان پێداوە بەهاکەی یەک ملیۆن دۆلار بووە، چووەتە بانک و پێیان گوتووە پارە نییە، چووەتە بازاڕی دۆلارەکە یەک ملیۆن دۆلارەکەی بە 40 هەزار دۆلار فرۆشتووە و دواتریش ئەو دەڵاڵانە هەستاون بە وەرگرتنی پارەکە بە تەواوەتی لە بانکەکان، ئەویش بە هاوکاریی بەرپرس و دەسەڵاتداران لە کاتێکدایە لە سلێمانی 975 بەڵێندەر مایەپووچ بوون، هەیانە خۆی کوشتووە لە تاوا."
جێگری سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەران - لقی سلێمانی باس لەوە دەکات، "ئەوانەی دەستیگرکراون و ئەو رێکارانەی گیراونەتەبەر هیچ سوودێکی بۆ بەڵێندەر نەبووە، چونکە بەڵێندەر شاباشی خۆی داوە و زیانی کردووە. ئەوەندەی ئاگادارم، بەداخەوە لەم دۆسیەدا کەسێکیان لە بازاڕی دۆلارەکە دەستگیرکردووە، کەسی ئاسایی گیراوە وەکو دۆسیەی زەوی و زار، کەسە گەورە و دەسەڵاتدارەکانیان نەگرتووە."
دەستگیرکراوانی دۆسیەی ساخکردنەوەی چەکی بانکی بەم شێوەیەن:
- 100 بازرگانی دراو لە بازاڕی دۆلارەکە
- بەڵێندەری پرۆژەی گەراجە بەکرێدراوەکانی هاتووچۆی سلێمانی
- 7 کارمەندی بانکی ئاڵای هەرێم
- بەڕێوەبەری پێشووی بانکی هەرێم
- 30 بەڵێندەر لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین
لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول بەدواوە لە هەڵمەتی دووەمدا زیاتر لە 200 کەس بۆ لێکۆڵینەوە لە ساخکردنەوەی چەکی بانکی و وەرگرتنی پارە لە بانکەکان بە کاش، دەستگیرکراون و لێپرسینەوە لەگەڵیان دەکرێت، کە بەشێک لەوانە پۆستی فەرمییان نییە، بەڵکو وەکو هاوکار تێوە گلاون.
زۆرینەی ئەوانەش دوای لێپرسینەوە ئازاد کراون. بەپێی بە دواداچوونەکانی رووداو، بەشێک لەوانەی ئازاد کراون، لە بەرامبەردا بڕێک پارە وەرگیراوە کە لە 200 ملیۆن دینار تاوەکو چوار ملیۆن دۆلار دەبێت و بەشێکیان بەو مەرجە ئازاد کراون کە لە بەرامبەردا پارە بدەن؛ بەڵام ئەوانەی ئازادکران و ئەوانەشی هێشتا لە زیندانن، خۆیان و کەسوکارەکەشیان قسە لەسەر بابەتەکە ناکەن و لایەنی پەیوەندیداریش بێدەنگیی هەڵبژاردووە و هیچ بۆ میدیاکان باسناکەن.

Пікірлер: 3

  • @hanimousa.
    @hanimousa. Жыл бұрын

    This is due to lack of banking sectors in Iraq and the Kurdistan region. Money laundering will remain a big threat, if action is not taken immediately.

  • @hanimousa.
    @hanimousa. Жыл бұрын

    There are millions of contractors, we don't know who are they

  • @hanimousa.
    @hanimousa. Жыл бұрын

    Money laundering.

Келесі